عیراق چەكی روبەڕوبونەوەی توركیا ئاشكرادەكات

03/07/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، رەنگە پەنا بۆ بەكارهێنانی چەكی ئابوری و بازرگانی ببەن بۆئەوەی توركیا ناچاربكەن پەلامارە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستاندا رابگرێت.
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زنجیرەیەك پەلاماریان بۆسەر چیاكانی دەوروبەری دێرەلوك و شیلادزێ لە سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدا و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوشدا 24 بنكەی سەربازی لەسەر لوتكەی چیا و بەرزاییەكانی دەوروبەری هەردوو ناحیەی باتیفا و دەركار دامەزراندوە.
بۆ رێگرتن لەو لەشكركێشی و پەلامارانەی توركیاش، دەسەڵاتدارانی عیراق بیر لە بەكارهێنانی چەكی ئابوری دەكەنەوە بۆئەوەی توركیا ناچار بكەن ئەو هێرشانەی رابگرێت.
لەو روانگەیەوە ئەحمەد سەحاف وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، سەدان كۆمپانیای بازرگانی و ئابوری توركیا لە عیراقدا كاردەكەن، بەڵام تائێستاش وەزارەتی دەرەوەی عیراق وای دەبینێت چارەسەری سیاسی و پێویستی درێژەدان بە هاریكاری نێوان هەردوولا بنەمایە بۆ كەمكردنەوەی بارگرژی و كۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە یەكلایەنییەكان.
وتەبێژەكە بە كەناڵی سكای نیوز عەرەبی وتوە "كۆمەڵێك ئاماژە و بەرژەوەندی هەن، كە عیراق دەیخاتە پاكێجی لەپێشینەی بۆ پێداچونەوەیەكی خێرا...دەیان كۆمپانیای توركی هەن لە بەغدا و باڵانسی بازرگانیش لە بەرژەوەندی عیراقە".
هەروەها جەختی لەوەشكردوە، كە عیراق دەتوانێت داوای دانیشتنی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات یاخود كۆبونەوەی ئاستی وەزیرانی دەرەوەی جامیعەی عەرەبی سەرەڕای گرتنەبەری كۆمەڵێك رێوشوێنی پەیوەندیدار بە لایەنی ئابوری.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عیراق جەخت لەوەش دەكاتەوە، عیراق دەیەوێت زیاتر پەنا بۆ بنەماكانی دراوسێیەتی باش، پابەندبون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان ببات، كە جەخت لە پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی دەكەنەوە..هەروەك پێویستە خاكی عیراق بۆ زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكارنەهێنرێت.
 لە كۆتاییشدا وتی "هەر دەبێت درێژە بە هاوئاهەنگی و دیالۆگی نێوان هەردوولا بدرێت، چونكە ئەو ئۆپەراسیۆنانە ئاستی بارگرژی زیاتر بەرزدەكاتەوە و هیچ ئەنجامێكیشیان نابێت".













شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group