فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمان لەسەر چی رێككەوتوون؟

16/09/2020

نەوا
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، رێككەوتنەكەی نێوان هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی، جەختكردنەوەیە لەسەر رێككەوتنی نێوان هەردوو حزب تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆ و چارەسەركردنی تێبینییەكانی هەردوولا.
دوای ئەوەی ئاشكرابوو هەردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوو هەفتەی رابردوودا رێككەوتنێكیان بۆ كاری هاوبەشی هەردوولا واژۆكردووە، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا رایگەیاند، رێككەوتنەكە بۆ ئەوەیە، هەر بابەتێك رەهەندی نیشتمانی هەبێت و گرنگ بێت، بە سازانی نێوان هێزە سیاسییەكان بكرێت و پێویستە بە گفتوگۆی نێوان لایەنەكان یەكلابكرێنەوە، هەر فراكسیۆنێكیش بەپێی تایبەتمەندیی خۆی كارەكانی لە چاودێریكردن و ئەركەكانی دیكە ئەنجامدەدات.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت، رێككەوتنەكەیان لە پەرلەمان، جەختكردنەوەیە لەسەر رێككەوتنی ساڵی 2019 تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت، چونكە كۆمەڵێك سەرنج و تێبینی لای هەردوولا هەبووە و كاردەكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی كە یەكێتی و پارتی هەیانە.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی چ پرسێكی گرنگ هەیە كە چاوەڕێی كاری پەرلەمانی كوردستان بكات و پێویستی بە سازان و گفتوگۆی لایەنەكان هەبێت، زیاد جەبار باسی لە دەستور و یاسای هەڵبژاردنەكان و پرسی لامەركەزییەت كرد، تایبەت بە دەستور دوپاتیكردەوە، بەپێی رێككەوتنەكان، پێویستە ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ئەو پرسە یەكلابكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group