نەتەوە یەكگرتوەكان: كۆرۆنا خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت

17/09/2020 جیهان

نەوا
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت "پەتای كۆرۆنای نوێ‌ خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و ڤاكسینیش ناتوانێت بیوەستێنێت".
گۆتێرێس لە پرێس كۆنفرانسێكدا باسی لەوەكرد، پەتای كۆرۆنا لە هیچ قەیرانێكی دیكە ناچێت لە ژیانماندا، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانلەدەستدان لە یەك ملیۆن كەس نزیكدەبینەوە، ئەو پەتایە یەكەم هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی جیهانی.
سەبارەت بە هەوڵەكانی دروستكردنی ڤاكسینیش دژی ئەو پەتایە، وتی "زۆر كەس پشتیان بە دروستكردنی ڤاكسین بەستوە، بەڵام ئەوەش ناتوانێت پەتاكە كۆنترۆڵ بكات، پێویستە وەك سودێكی گشتی جیهانی سەیری ڤاكسین بكەین، چونكە كۆرۆنا سنور نازانێت و پێویستمان بە ڤاكسینێكە، كە نرخەكەی گونجاو بێت و بۆ هەموان بەردەست بێت".
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بازنەی بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی بەردەستن و هاوكارن لە روبەڕوبونەوەی پەتاكە و رزگاركردنی ژیان، فراوان بكرێت، بەتایبەتی لەماوەی 12 مانگی داهاتودا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group