بەرشەلۆنە ئامادەیە دیمبڵی بە نزیكەی نیوەی نرخەكەی بفرۆشێت

04/10/2020 وەرزش

نەوا
یانەی بەرشەلۆنە ئامادەیە عوسمان دیمبڵی یەكێك لە ئەستێرەكانی یانەكەی بە نزیكەی نیوەی نرخەكەی بفرۆشێت و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش چاوی لەسەریەتی.
رۆژنامەی میرۆری بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، بەرشەلۆنە ئامادەیە دیمبڵی بەرانبەر 77 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت، ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵی 2017 بڕی 123 ملیۆن دۆلاری داوە بۆ گواستنەوەی لە یانەی دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، یەكێك لەو یانانەی چاوی لەسەر  دیمبڵییە، یانەی مانچستەر یونایتدە، بەرشەلۆنەش دەیەوێت بە پارەكەی گرێبەست لەگەڵ ممفیس دیبای هێرشبەری یانەی لیۆن واژۆبكات، بەڵام تائێستا دیار نییە یانە ئینگلیزیەكە ئامادەیە ئەو پارەیە لە كڕینی دیمبڵیدا خەرج بكات یان نا.
عوسمان دیمبڵی یەكێكە لەو یاریزانانەی لە ماوەی سێ‌ ساڵی تەمەنی وەرزیشدا لەیانەی بەرشەلۆنە زۆرینەی كاتەكان پێكانی هەبوە، هەروەها هەڵسوكەتە سەیرەكانی و پابەندنەبونی بە ژیانی پیشەگەرییەوە، ئیدارەی یانە كەتەلۆنییەكەی توڕە كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group