سوارێز كاتی رۆیشتنی میسی لە بەرشەلۆنە ئاشكرادەكات

10/10/2020 وەرزش

نەوا
پاش رۆیشتنی لە یانەی بەرشەلۆنە، لویس سوارێز ئەستێرەی ئۆروگوایی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەڵێت "میسی لە بەرشەلۆنەدا دەمێنێتەوە ئەگەر یەك مەرج هەیە جێبەجێبكرێت".
میسی و سوارێز تەنها دوو یاریزانی نێو بەرشەلۆنە نەبون، بەڵكو دوو هاوڕێ و دوو هاوكاری نزیكی یەكتری بون لە دەرەوەی یاریگاش، هەربۆیە زۆر زانیاری لەبارەی بەهرەمەندەكەی ئەرجەنتین دەزانێت.
لەو چوارچێوەیەدا سوارَژز دەڵێت "ئەگەر جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ لە سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە بڕوات، ئەوا لیۆنێل میسی لە كامپ نو دەمێنێتەوە".
لە هاوینی ئەمساڵدا میسی ئەوەندەی نەمابو لە بەرشەلۆنە بڕوات، بەڵام نەیویست لەسەر مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی و مشتومڕەكانی لەگەڵ ئیدارەی یانەكەی، روو لە دادگا بكات. هەربۆیە ئەمساڵیش لە بەرشەلۆنە بەردەوام دەبێت.
لەوبارەیەشەوە سوارێز بۆ كەناڵی ئی ئێس پی ئێنی وەرزشی وتویەتی "لەبارەی ئایندەیەوە قسە لەگەڵ میسی دەكەم، بەڵام وەك رێزێك بۆ ئەو پەیوەندییە دۆستانەییەی لەگەڵ لیۆ هەمە، باسی ئەو ماوەیەی رابردو ناكەم، كە لە هاویندا تێی كەوت و بۆی باسكردم، بەڵام رەوشێكی زەحمەت و پڕ گرێكوێرەبوە".
هەروەها جەختدەكاتەوە، كە ئیدارەی یانەكە خۆشحاڵ نەبون بەو پەیوەندییەی نێوانیان، كە هەیانە، بۆیە ویستویانە لە یەكتریان داببڕن، وتیشی "هەر كاتێك گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتی یانە رویدا، ئەوا لیۆ دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەری ئەوە هەیە یاری بۆ یانەیەكی دیكە بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group