ریاڵ مەدرید لەنێو دڵی كەتەلۆنیدا سێ خاڵی لە بەرشەلۆنە سەند

24/10/2020 وەرزش

نەوا
كلاسیكۆی یەكەمی ئەم وەرزەی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ ریاڵ مەدریدی میوان یەكلایی بوەوە و سێ خاڵی بە نرخی لە بەرشەلۆنەی ركابەری هەمیشەیی سەند.
یارییەكەی نێوان بەرشە و ریاڵ مەدرید لەنێو كامپ نو بەبێ هاندەران بەڕێوەچو، بەڵام نەبونی هاندەران هیچ كاریگەری لەسەرئاستی یارییەكە نەبو، بەڵكو بەدرێژایی 90 خولەكی تەواوی یارییەكە، تۆپ نەوەستا و هەردوولا یەكێك لە بەهێزترین و پڕ تاموچێژترین یارییان پێشكەشكرد.
لە سەرەتای یارییەكە و لە خولەكی 5دا لەلایەن ڤالڤێردییەوە گۆڵی یەكەم بۆ ریاڵ مەدرید تۆماركرا.
لە پاش 3 خولەك و لە خولەكی 8ی تایمی یەكەمدا گۆڵی یەكسانبونەوە لەلایەن ئەنسۆ فاتی تۆماركرا، بەڵام دواتر و لە تایمی دووەمدا دوو گۆڵی دیكە لەلایەن سێرجیۆ رامۆس (بە پەنالتی) لە خولەكی 63 و لۆكا مۆدریچ لە خولەكی 90دا بۆ یانەی شاهانە تۆماركران و بەو شێوەیەش بە 3 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك ریاڵ مەدرید یارییەكەی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
لە یارییەكەدا فاتی وەك بچوكترین یاریزان گۆڵی لە كلاسیكۆدا تۆماركرد، كە تەمەنی 17 ساڵ و 359 رۆژە و پێش رائول گۆنزالێس ئەستێرەی پێشوی ریاڵ مەدرید كەوت، كە لە تەمەنی 18 ساڵی و 95 رۆژیدا گۆڵی تۆماركردوە.
هەروەها سێرجینیۆ دێست یەكەم یاریزانی ئەمریكییە لە مێژووی بەرشەلۆنەدا بەشداری لە كلاسیكۆدا كردبێت.
هەروەها سێرجیۆ رامۆس توانی پێنجەم گۆڵ لە كلاسیكۆدا تۆماربكات و میسی-ی ئەستێرەش لە 7 یاریی کلاسیکۆی لالیگادا تەنها یەك گۆڵی تۆماركردوە.
هەروەك زێنەدین زێدان راهێنەری ریاڵ مەدرید تائێستا هیچ كلاسیكۆیەكی لەسەر خاكی بەرشەلۆنەدا نەدۆڕاندوە.

لەئێستاشدا ریاڵ مەدرید بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ لە شەش هەفتەدا، پلەی یەكەمی ریزبەندیی خولی تۆپی پێی ئیسپانیای گرتوە و بەرشەلۆنەش بە 7 خاڵەوە لە پلەی 10یەمینی ریزبەندیی وەرزی ئەمساڵدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group