لە ئەمریكا دەرمانێكی دژەكۆرۆنا مۆڵەتیپێدرا

22/11/2020 جیهان

نەوا
ئەمریكا رێگەپێدانی تەندروستیی دا بە دەرمانێك، كە هاوكارە لە بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤ دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناهێڵێت دۆخی توشبوانی پەتاكە بەرەو خراپی بڕوات.
دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا مۆڵەتی بەكارهێنانی دایە دەرمانێك، كە لەلایەن كۆمپانیای "ریگینیرۆن"ی وڵاتەكەوە بەرهەمهاتووە و رێگری دەكات لەوەی توشبوی كۆرۆنا دۆخی خراپتر بێت و بگاتە ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، بەتایبەت ئەو توشبوانەی نیشانەی سوك و مامناوەندیان هەیە.
دەرمانە نوێكەی كۆرۆنا یەكجار وەكو چارەسەر دەدرێتە نەخۆش و لە رێگەی موغەزییەوە دەخرێتە نێو لەش، هاوكار دەبێت لە بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش دژی كۆرۆنا.
دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا رێنماییەكانی بەكارهێنانی دەرمانەكەی بڵاوكردوەتەوە، تەنیا كەسانی پێگەیشتوو و منداڵانی سەروو 12 ساڵ دەتوانن دەرمانەكە بەكاربهێنن، پێویستە كێشیان لە 40 كیلۆگرام زیاتر بێت، دەكرێت زیاتر بۆ ئەو كەسانە بەكاربێت، كە مەترسیی توشبونی كۆرۆنایان زیاتر لەسەرە.
دەرمانە ئەمریكییەكە هێشتا لەژێر تاقیكردنەوەدایە، بەڵام دەرەنجامە سەرەتاییەكان دەریانخستووە دەرمانەكە دەتوانێت رێگری لەوە بكات توشبوانی كۆرۆنا دۆخیان خراپتر بێت، بۆیە دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا مۆڵەتەكەی پێدا و بڕیارە كۆمپانیاكە بڕی پێویستی 300 هەزار نەخۆش لەو دەرمانە دروست بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group