جۆ بایدن: چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ئێران ئاسان نابێت

04/12/2020 جیهان

نەوا
سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا جەخت لەوەدەكاتەوە كە نابێت رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، هاوكات دەشڵێت، چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ تاران ئاسان نابێت.
جۆ بایدن لە چاوپێكەوتنێكدا وێڕای جەختكردنەوە لەسەر گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، باسی لەوەكردووە، كە دانوستان و چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ ئێران ئاسان نابێت و پێویستە بۆ ئەوە واشنتۆن هاوكاری تەواوەتی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكانیدا هەبێت.
سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، جیا لە پرسی بەرنامە ئەتۆمیەكەی، پێویستە پرسی بەرنامە موشەكیەكەی ئێرانیش گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.
بایدن جەختیشی كردەوە، كە كۆتا قسەی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەوەیە كە نابێت بە هیچ جۆرێك ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
ناوبراو رەخنەشی لە سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا گرت بەرامبەر بە ئێران وتی، بە دروشمی ئەوەی كە رێككەوتنێكی تۆكمەتر لەگەڵ تاران واژۆ دەكات لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە، بەڵام ئەوەی روویدا ئەوە بوو كە تارانی لە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیكتر كردەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group