فارس عیسا: سەردانی لایەنە عێراقییەکان دەکەین بۆ زامنکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان

06/01/2021

نه‌وا
بڕیارە لە ھەرێمی کوردستانەوە شاندێکی سیاسی سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی بەدەستھێنانی پاڵپشتی بۆ تێپەڕاندنی پشکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا و سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە بەغدا دەڵێت، بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان بکەین.
فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوه‌: " تازە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق چووەتە پەرلەمان و لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق ئێمەیش پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بکەین بۆ ڕازیکردنیان بەوەی دەنگ بە پشکی ھەرێمی کوردستان بدەن."
سەرۆکی نوێنەرایەتیی ھەرێم لە بەغدا وتیشی: "ئێمە دەستەوەستان نابین لە بەرانبەر ماف و شایستە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان بکەین، بەڵام کاتی سەردان و کۆبوونەوەکان دیار نییە."
لەبارەی ئەوەی دەوترێت زۆرینەی کۆتلەکانی نێو پەرلەمانی عێراق دژی پشکی ھەرێمی کوردستانن، عیسا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەڵێ ڕاستە، دژایەتی ھەیە، بەڵام ئێمەش ھەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ لە ڕۆژانی ئایندە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group