وه‌زاره‌تی كاره‌با: لە ڕێگەی غازی بێکەلک و خۆرەوە 235 مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت

20/01/2021

نه‌وا
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، بڕیارە ئەمساڵ چوار پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین کە لە ڕێگەی غازی بێکەلک و خۆرەوە 235 مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگه‌یاندووه‌، "لە ناوچەی گەرمیان خەریکی بەرھەمھێنانی کارەبان لەو غازەی بەفیڕۆ دەچێت بە دوو قۆناغ کە 165 مێگاوات کارەبایە و لە وەرزی بەھار نزیکەی 50 مێگاوات ئامادە دەبێت و قۆناغی دووەمیش دەگاتە وەرزی ھاوین، ئەمەش لەپێناوی ئەوەی غاز بەفیڕۆ نەچێت کە بێسوود دەڕوات."
ئومێد ئەحمەد وتیشی: "نامانەوێت ئەو غازە بەفیڕۆ بچێت بێ ئەوەی ھیچ سوودێکی لێ وەرگیرێت."
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش، سێ پڕۆژەی دیکەی کارەبا ھەن کە لە ڕێگەی خۆرەوە 75 مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و ئێستا ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت وخەریکی تەندەری پڕۆژەکانین."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group