كازمی گۆڕانكاری له‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئه‌منی ده‌كات

21/01/2021 عێراق

نه‌وا
دوای تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌شاری بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە ریزەکانی دەزگای ئەمنی و هەواڵگریدا ده‌كات.

 به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی عیراق، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆی شاری به‌غدای پایته‌خت، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق، هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییانه‌ی كردووه‌، كه‌ ته‌قینه‌وه‌كان له‌سنووره‌كانیان رووده‌دات و داواشی له‌ده‌زگا هه‌واڵگریییه‌كان كردووه‌ رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان توندتر بكه‌ن.
هاوكات سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عیراق بە میدیاكانی ڕاگەیاندوه‌، "كازمی گۆڕانكارییەكی گەورە لە پۆستە ئەمنییەكاندا دەكات و بڕیاریداوە بە تەواوەتی ڕێگە لە دەستوەردانی فراكسیۆنە سیاسییەكان لە پۆستە ئەمنییەكان بگرێت".
هه‌روه‌ها پەیوەست بە تەقینەوەكان کازمی بڕیاریداوە، سەرجەم ئەو ئەفسەرو پۆلیسانەی لە شوێنی تەقینەوەکە لە ئەرکدا بوون بانگهێشت بکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.
جێی باسه‌، رۆژی پێنجشەممە 21/1/2021، لە شاری بەغدا دوو تەقینەوە لە ناوچەکانی باب شێخ و ساحە تەیران روویدا، كه‌ به‌هۆیانەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 110 کەسیش برینداربوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group