سەرچاوەكان: مێسی بە تەواوەتی لە جێهێشتنی بەرشەلۆنە نزیك بوەتەوە

03/03/2021 وەرزش

نەوا-
سەرچاوەكانی هەواڵە وەرزشییەكان  پێیان وایە: لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە تەواوەتی لە جێهێشتنی یانەكەی نزیك بوەتەوە، یەكێك لە هۆكارەكانیش بڕیارەكانی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیایە.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ: یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانی یانەكانی ناچار كردوە كە لەسەرەتای وەرزی داهاتوەوە كاروباری دارایی خۆیان رێكبخەنەوە، ئەوەش بەهۆی كاریگەرییە سلبییەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ئابوریی.
ئەوەش هاتوە: بەپێی بڕیارەكان یانەكان ناچاردەبن بڕی موچەكان كەم بكەنەوە و بەرشەلۆنە ناچار دەبێت كۆی گشتی موچە دابەزێنێت بۆ 347 ملیۆن یۆرۆ و ئەتلەتیكۆ بۆ 217 ملیۆن و یانەی ریاڵ مەدریدیش سنوری موچەی دەبێت لە 473 ملیۆن زیاتر نەبێت.
باس لەوەشكراوە: بەپێی داتاكان پەتای كۆرۆنا كەمترین كاریگەری لە ریاڵ مەدرید كردوە، ئەوەش بەهۆی سیاسەتە توندەكانی فلۆرەنتینۆ پێرێس سەرۆكی یانەكەوە كە موچەی گەورە نادات بە یاریزانەكان، هەروەها تا كۆتایی پەتای كۆرۆناش موچەی كەمكردوەتەوە.
ماڵپەڕە ئیسپانییەكان ئاماژەیان بەوەداوە: بەرشەلۆنە ناچار دەبێت بۆندی مێسی نوێ نەكاتەوە ئەگەر موچەكەی بۆ نیو ئەوەندەی ئەوەی ئێستا هەیەتی دانەبەزێنێت، چونكە ئەگەر مێسی بە تەنها خۆی 100 ملیۆن یۆرۆ وەرگرێت، واتای ئەوەیە یەك لەسەر سێی موچەی یانەكە دەبات و یاریزانەكانی تر موچەیەكی زۆر كەمیان بۆ دەمێنێتەوە، ئەوەش شتێكی ئەستەمە. 
جەختلەوەشكراوەتەوە: ئیدارەی یانەكە پێویستە گرێبەستی یاریزانە گەورەكانی وەك مێسی، ئەلبا، پێكیە و بۆسكێتس نوێ نەكاتەوە كە موچەی گەورەیان هەیە و لەبری ئەوە پشت بەو یاریزانە بەتوانایانە ببەستێت كە موچەیان كەمە، پێویستە هاندەرانی بەرشەلۆنە ئەوە قبوڵ بكەن و فشار دروست نەكەن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی مێسی بەبێ‌ رێكخستنەوەیەكی گونجاوی سیستمی موچە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group