كۆمسیۆن: سێ هەزار و 523 كەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كاندید كردووە

03/05/2021 عێراق

نەوا-
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند،  126 قەوارە و 22 هاوپەیمانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەماندا دەكەن كە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەگەڵ كۆتاییهاتنی وادەی تۆماركردن، 126 قەوارەی سیاسیی بە هەزار و 634 كاندید و 22 هاوپەیمانی بە هەزار و دوو كاندید هەروەها 887 كەس بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان بۆ بەشداییكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا تۆماركردووە كە كۆی گشتیی كاندیدان دەكاتە سێ هەزار و 523 كەس و دوای وردبینیكردن لە لیستی ناوی كاندیدان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە، لیستی كۆتایی ناوەكان ئاشكرا دەكرێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا ئەنجام بدرێت كە تیایدا 25 ملیۆن و 139 هەزار و 375 دەنگدەر مافی بەشدارییكردنیان لە پڕۆسەكەدا ھەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group