بیل گەیتس و هاوسەرەكەی جیابوونەوە

04/05/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
بیل گەیتس چوارەم دەوڵەمەندی جیهان پاش 27 ساڵ ژیانی هاوبەش لە هاوسەرەكەی جیابووە.
بیل گەیتس و ملیندای هاوسەری لە راگەیەنراوێكدا باسیان لەوەكردووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە چیتر پێكەوە بوونیان بونیاتنەر نییە.
راشیانگەیاندووە، كە دوای ماوەیەكی زۆر لە بیركردنەوە و هەوڵدان بۆ راگرتن و پارێزگاری لە پەیوەندییەكەیان، بەڵام دواجار بڕیاریانداوە كە كۆتایی بە هاوسەرگیرییەكەیان بهێنن.
بیل گەیتس و ملیندا لە هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە یەكتریان ناسیوە و 27 ساڵە ژیانی هاوبەشیان پێكهێناوە و سێ منداڵیان هەیە.
ئەو دوو كەسە دامەزرانەوەی بیل و ملیندا گەیتسیان بونیادنابوو، كە تائێستا چەندین ملیار دۆلاری بۆ چارەسەری نەخۆشیە گواستراوەكان و پەرەپێدانی كوتانی منداڵ تەرخان كردووە.
بیل گەیتس و ملیندا بە هاوكاری وارن بافت سەرمایەداری ئەمریكی بزوتنەوەیەكیان راگەیاندبوو، كە ئامانجی هاندانی سەرمایەداران بوو بۆ تەرخان كردنی بەشێك لە دارایی و سامانەكەیان لە پێناو كاری خێرخوازی.
بەپێی خەمڵاندنی گۆڤاری فۆربس سامانی بیل گەیتس نزیكەی 124 ملیار دۆلارە و لە ریزبەندی چوارەم دەوڵەمەندی جیهاندایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group