سوپای پاسداران بۆ ئیسرائیل: یەكەم گورز دەكرێت ببێتە دوایین گورز

06/05/2021 جیهان

نەوا
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران باس لەوەدەكات ئاسایشی ئیسرائیل بە رادەیەك لەرزۆكە كە بە یەك گورز دەكرێت ئەو وڵاتە لە ناو ببرێت.
حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێكدا باسی لەوەكرد، سیستەمی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لەرزۆك و لاوازە و هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر چەند كەشتیەكی بازرگانی و كارگەی سەربازی ئەو وڵاتە ئەو لاوازیەی تەلئەبیبیان دەرخستووە.
فەرماندەی سوپای پاسداران بە بێ ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە بخاتە ئەستۆی وڵاتەكەی وتی، هەر لە ماوەی رابردوودا 80 كۆمپانیای ئیسرائیلی هێرشی ئەلكترۆنیان كراوەتەسەر و لە نزیك فڕۆكەخانەی بنگۆرینیش تەقینەوە روویداوە و سیخۆڕەكانی ئیسرائیلیش لە هەولێر كوژراون.
ناوبراو جەختیشی كردەوە، ناكارامەیی سیستەمی سیاسی ئیسرائیل و بوونی ناكۆكی قوڵ لەو وڵاتە بە جۆرێكە كە پێویستە لەمەودوا دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، چوونكە یەكەم ئۆپراسیۆن و گورز كە لێی بوەشێنرێت، رەنگە ببێتە دوایین گورز.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group