غەزە.. بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە 35 فەلەستینی كوژراون

12/05/2021 جیهان

نەوا-
پێكدادانی نێوان فەلستینی و ئیسرائیلیەكان بەردەوامە و بە هۆی هێرشە موشەكیەكانی هەر دوولاوە 35 كەس لە غەزە و پێنج كەسیش لە ئیسرائیل كوژراون و ئەمریكاش پشتیوانی خۆی بۆ تەلەئەبیب دوپاتكردەوە.
لە بەردەوامی توندوتیژیەكان و بە هۆی هێرشە موشەكیەكانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ سەر تەلئەبیب و بیرشەیبا پێنج هاوڵاتی ئیسرائیلی كوژراون و وەك وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش رایگەیاندووە، بە هۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلیشەوە 35 كەس لە كەرتی غەزە كوژراون و 233 كەسیش برینداربوون.
جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، واشنتۆن پشتگیری لە مافی رەوای ئیسرائیل دەكات بۆ بەرگریی كردن هاوڵاتیانی لە بەرامبەر هێرشە موشەكیەكانی حەماس، بەڵام لە هەمان كاتدا بەردەوام دەبێت لە فشارەكانی بۆ سەر تەلەئبیب بۆ ئەوەی شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ فەلەستینیەكان بگۆڕێت.
توندوتیژیەكانی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان دوای ئەوە هاتە ئاراوە، كە هێزەكانی تەلئەبیب بەنیازبوون دانیشتوانی گەڕەكی شێخ جەڕاح لە قودسی رۆژهەڵات بە زۆرەملێ لە ماڵەكانیان دەربكەن و ئەوەش كاردانەوەی زۆری لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group