پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مووچە و بازاڕ دەخرێته‌ڕوو

12/05/2021

نه‌وا
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەت پلان و بەرنامەی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی مانگانە مووچە بگاتە دەستی فەرمانبەران، جووڵەی بازاڕ رانەگیرێت و گەنجانیش هەلی كاری نوێیان دەست بكەوێ.

 عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی باسنیوز رایگەیاندوه‌، حكوومەت پرسی مووچەی فەرمانبەران، مینحەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی داناوە و ستراتیژیی سەرەكیی حكوومەت لەسەر بنەمای دابینكردنی مووچە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و راستكردنەوەی رەوشی ئابووری، داڕێژراوە".
ناوبراو ئاماژەی بە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کردوه‌ و ده‌ڵێت: لە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان میكانیزمێک بۆ چارەسەركردنی پرسی كورتهێنان دانراوە، بە شێوەیەک كە كاریگەریی لەسەر بودجەی بەكارخستن نەبێت، ”بە شێوەیەكی گشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی كەمكرنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات كاری كردووە، بۆ ئەوەی كورتهێنانی دارایی رابگرێت".
به‌وته‌ی سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، "حکوومەت پلان و بەرنامەی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی مانگانە مووچە بگاتە دەستی فەرمانبەران و جوڵەی بازاڕ نەوەستێت، کە لە ئەنجامی نەوەستانی جوڵەی بازار خەڵكی بەتایبەتی گەنجان هەلی كاری نوێیان دەست دەكەوێت".
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، "بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم پلانەش حكوومەت سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی گرتووەتە بەر، بەوەش پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە و لە رووی كوالێتی و ئەداشەوە ئاستی خزمەتگوزارییە پێشكەشكراوەكان باشتر دەبێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، لەبواری چاكسازییەكان کاری باشکراوە داهاتێكی باش بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە، "توانراوە ئەو كەموكورتییانە و زۆر لەو كێشانە چارەسەر بكرێت كە لە سەرەتای كابینەكەدا رێگر بوون لە بەردەم باشكردنی بارودۆخەكە و رێكخستنەوەی كاری كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group