سوریا.. هێرشێكی ئیسرائیل هەشت كوژراوی لێكەوتەوە

09/06/2021 جیهان

نەوا-
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی زنجیرەیەك هێرشی موشەكی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەكی سوریا لانیكەم هەشت چەكداری سەر بە حكومەتی دیمەشق كوژراون.
بەپێی راپۆرتێكی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە هێرشە موشەكیەكەی ئیسرائیلدا بۆ سەر دیمەشق ناوچەیەكی نزیك لە فڕۆكەخانەی ئەو شارە و كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی هێزی ئاسمانی كراوەتە ئامانج.
ئەوەش خراوەتەڕوو، كە لە حومس و حەما و لازقیەش چەند بنكەیەكی سەربازی سەر بە حكومەتی سوریا هێرشیان كراوەتە سەر.
وەك ئەو رێكخراوە ئاماژەی پێكردووە، لەو هێرشانەدا لانیكەم 5 سەرباز و سێ چەكداری گروپە ملیشیاكانی سەر بە حكومەتی سوریا كوژراون.
لای خۆیەوە ئاژانسی فەرمی هەواڵی سوریا (سانا) هێرشەكەی پشتڕاست كردوەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە زیانە گیانیەكان نەكردووە و تەنها باسی لەوەكردووە، كە لە لایەن سیستەمی بەرگریی موشەكی وڵاتەكەیانەوە بەشێك لەو موشەكانەی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group