ئەمریکا دڵنیانییە دانوستانەکانی بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بگەنە ئەنجام

09/06/2021 جیهان

‎نەوا

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: سەرباری بەرەوپێشچوونەکان لە دانوستانەکانی ڤییەنا بۆ بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی 2015، هێشتا دڵنیانین ئەو دانوستانانە بگەنە ئەنجامی کۆتایی.

وێندی شێرمان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو گەڕێکی تری دانوستانەکانی ڤییەننا بۆ بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستپێدەکاتەوە، سەرەڕای ئەو بەرەوپێشچوونانەی لەو دانوستانانەدا هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرجەم وردەکارییەکانی یەکلادەکرێنەوە، ناتوانین دڵنیابین لەوەی ئەو دانوستانانە دەگەنە ئەنجامی کۆتایی.

شێرمان بە ئاماژەدان بەوەی لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، کە بڕیارە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، ئەگەری سەرکەوتنی بنەماخوازان زیاترە، وتی: ئەو بابەتە رەوتی دانوستانەکانی ڤییەننا ئاڵۆزتر دەکات، بە بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی زیاتر بدات.

تەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە کاتێکدایە بەرپرسانی باڵای ئێران چەند جارێک لەماوەی رابردوودا رایانگەیاندبوو: لەسەر خاڵە سەرەکیەکانی هەڵگرتنی سزاکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنها هەندێک وردەکاری ماون و بۆ یەکلاکردنەوەیان پێویستیان بە کات و گفتوگۆی زیاترە.

دەربارەی نیگەرانیەکان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و گۆڕینی حکومەت لە ئێران، عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاندوە: "گۆڕینی حکومەت کارناکاتە سەر سیاسەتی ئەتۆمی ئێران، چوونکە ئەو پرسە بابەتێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە دەسەڵاتی جێبەجێکار و گۆڕانکاری لەو دەسەڵاتە نییە و لە ئاستی باڵای دەوڵەت بڕیاری لەسەردەدرێت".‎

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group