پەرلەمانتارێك: وەڵامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە بارەی دۆسیەی نەوت رەتدەكەینەوە

10/06/2021

نەوا-
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی پرسیاری عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستاندا لەبارەی دۆسیەی نەوت و داهاتەكانی رایگەیاندوە، " لە ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت زانیاریی‌ هەیە، پرسیارەكان ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ هەرێمی‌ نەوت‌ و گاز بكەن"، ئەو پەرلەمانتارەش ناوەڕۆكی وەڵامەكە رەتدەكاتەوە و باسی لەوەكردووە: "دەچینە قۆناغی‌ پرساندن‌و ڕێكاری‌ تری‌ یاسایی‌ بەرانبەریی‌".
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، لەماوەی رابردو پێنج پرسیاری ئاڕاستەی كەمال ئەتروشی، وەزیری‌ سامانە سروشتیەكان كردوە لەبارەی دۆسیەی و داهاتی نەوت ، پوختەی ناوەڕۆكی‌ وەڵامەكەی‌ بەمجۆرەبو، " لە ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت زانیاریی‌ هەیە، پرسیارەكان ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ هەرێمی‌ نەوت‌و گاز بكەن، ئەم وەڵامەش بە تەواوەتی‌ ڕەتكراوەیە لەلای ئێمە، چونكە پێچەوانەی‌ حوكمەكانی‌ یاسای نەوت‌و گازی‌ هەرێمە".
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە، "وەڵامەكەمان ڕەتكردەوەو دوبارە پرسیارە گرنگەكانمان ئاراستە كردنەوە، چونكە بە پێی‌ یاساو بنەما دەسورییەكان وەزیری‌ سامانە سروشتیەكان‌و وەزارەتەكەی‌ بەرپرسیاری‌ پرۆسەی‌ دەرهێنان‌و فرۆشتنی‌ نەوت‌و گازن. ئێمە كێشەی‌ شەخسیمان لەگەڵ وەزیری‌ سامانە سروشتیەكان‌و هیچ وەزیرێكی‌ حكومەت‌و سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی حكومەت نییە، تەنهاو تەنها كێشەی‌ ئێمە لەگەڵیان لەسەر جێبەجێكردنی‌ یاسا، بەدامەزراوەییكردنی‌ حكومەت‌و پاراستنی‌ موڵك‌و ماڵی‌ گشتیە".
عومەر گوڵپی ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەگەر وەزیری‌ سامانە سروشتیەكان كە وەزیرێكی‌ نوێیەو دەرفەتیان پێداوە تا جێگیر دەبێت لە كارەكەی‌، سوربێت لەسەر وەڵام نەدانەوەی‌ بە پێی‌ یاسا، ئەوە دەچنە قۆناغی‌ پرساندن‌و ڕێكاری‌ تری‌ یاسایی‌ بەرانبەریی‌،‌و ئەوەی‌ لەسەرشانیانە وەك نوێنەری‌ خەڵك جێبەجێی‌ دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group