ئەنشیلۆتی داوای گەڕاندنەوەی رۆناڵدۆ دەكات

17/08/2021 وەرزش

نەوا-
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان، كارلۆ ئەنشیلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی داوای گەڕاندنەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالی دەكات بۆ یانەكە.
ئیدۆ ئەگێری رۆژنامەنوسی وەرزشی دیاری ئیسپانی لە بەرنامەی "شرینگیتۆ" ئاماژەی بەوەداوە، ئەنشیلۆتی دەیەوێت لەم وەرزەدا كریستیانۆ رۆناڵدۆ بگەڕێنێتەوە یانەی ریاڵ مەدرید و لەگەڵ كەسە نزیكەكانی یاریزانە پرتوگالیەكە قسەی كردووە و پەیوەندییەكان جدین.
رونیشیكردووەتەوە، هەروەها یاریزانانی ریاڵ مەدرید پشتگیری داواكاریەكەی ئەنشیلۆتی دەكەن و خوازیاری گەڕانەوەی ئەستێرە پرتوگالیەكەن، چونكە نرخی ئەو یاریزانە بۆ یانەكە دەزانن.
لای خۆیەوە "جۆسێپ پیدربۆڵ" پێشكەشكاری بەرنامەكە باسی لەوەكردووە، بەڵام فلۆرەنتینۆ پێرێس تائێستاش ئامانجی یەكەمی كیلیان مباپێ‌ یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە و رۆناڵدۆ پلانی جێگرەوەیە ئەگەر نەیتوانی مباپێ‌ بەدەست بهێنێت.
رۆژنامەی "كورێری دیللۆ سپۆرت" بڵاویكردووەتەوە، رۆناڵدۆ كە وەرزی داهاتوو گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس كۆتایی دێت دەیەوێت ئەم وەرزە یانەكە جێبهێڵێت و خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی قسەی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی كردووە، یانە ئیتاڵیەكەش ئامادەیە بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ دەستبەكرداری رۆناڵدۆ ببێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group