خڵێفی گرێبەستەكەی ریاڵی بۆ گواستنەوەی مباپێ‌ رەتكردەوە

25/08/2021 وەرزش

نەوا-
رۆژنامەیەكی فەرەنسی ئاشكرای كرد، ئەو گرێبەستەی یانەی ریاڵ مەدرید بۆ گواستنەوەی كیلیان مباپێ‌ پێشكەشی كردبوو، لەلایەن یانەی پاریس سانجێرمانەوە رەتكراوەتەوە.
رۆژنامەی "لا پاریسیان" بڵاویكردووەتەوە، رۆژی یەكشەممە یانەی ریاڵ مەدرید گرێبەستێكی بەبڕی زیاتر لە 188 ملیۆن دۆلار پێشكەشی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی كردبوو بۆ گواستنەوەی كیلیان مباپێ‌ ئەستێرەی لاوی یانەكە، بەڵام یانە پاریسیەكە گرێبەستەكەی رەتكردووەتەوە و هەڵوێستی نەگۆڕیوە و بەهەر نرخێك بێت دەیەوێت گرێبەستی یاریزانە 22 ساڵەكەی درێژ بكاتەوە.
رۆژنامەكە جەختی لەوەشكردووەتەوە، ریاڵ مەدرید دڵنیایی داوە لەوەی ئەوە كۆتا گرێبەستە پێشكەشی بكات و چیتر لەو پارەیە زیاتر نادات، هەرچەندە هەڵوێستی پاریس سانجێرمان نەگۆڕە، بەڵام رۆشتنی مباپێ‌ لە یانە فەرەنسییەكە لەم هاوینەدا دوور نییە و ئەگەر یانەكە رەتی بكاتەوە دەستبەرداری ببێت ئەوا لە هاوینی داهاتوو دەتوانێت بێبەرامبەر رووبكات یانەی ریاڵ مەدرید.
لای خۆشیەوە فابریسیۆ رۆمانۆ شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان هەواڵەكەی پشتڕاست كردووەتەوە و لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، بڕیاری گواستنەوەی مباپێ‌ بەدەست ناسر خڵێفی سەرۆكی یانە پاریسیەكەیە و ئەگەر هەر دەستبەرداری نەبێت، ئەوا فلۆرەنتینۆ پێرێس سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید هاوینی داهاتوو ئەستێرە فەرەنسیەكە بێبەرامبەر دەگوازێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group