لیژنەی ئاسایش و بەرگری: بۆشایی ئەمریكیەكان بە ناتۆ پڕ دەكرێتەوە

13/09/2021 عێراق

نەوا

بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو بۆشاییەی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دروست دەبێت، بە هاریكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆ پڕ دەكرێتەوە.
بەدر زیادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، ناتۆ شاندێكی رەوانەی عێراق كردووە بەمەبەستی گفتوگۆ كردن لە بارەی مەشق و راهێنان و پێشكەش كردنی پاڵپشتی لۆجستی، هەروەها چۆنیەتی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دروست دەبێت.
باسی لەوەشكردوە، هێزی ئاسمانی پشكی گەورەی بەردەكەوێت لە مەشق و راهێناندا لەلایەن راوێژكارە سەربازییەكانی ناتۆ و پرۆسەی كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا كە ژمارەیان دوو هەزار و 500 سەربازە لە مانگی داهاتوودا دەست پێ دەكات و تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە بۆردومانی گروپەكان هێمای بۆ ئەوەكردووە، پێویستە بۆردومان كردنی باڵەخانەكانی نێردە دیپلۆماتییەكان لە بەغدا، پارێزگاكانی دیكە و هەرێمی كوردستان رابگیرێت، نابێت ئەمریكا هیچ پاساوێك بهێنێتەوە تا هێزەكانی لە عێراق بهێڵێتەوە.
زیادی پێشی وایە، پڕۆسەی كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق نابێت، چونكە رەوشی عێراق جیاوازە لە ئەفغانستان، كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا واتای كۆتاییهێنان نییە بە هاریكارییەكانی نێوان هەردو وڵات و هاریكارییەكان لەبەرزترین ئاستدا دەمێننەوە لە پێناو دەستەبەركردنی سەقامگیریی لە عێراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group