وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: رێگای کەمەربەندی سۆران بە رووی هاوڵاتیاندا کرایەوە

14/09/2021

نەوا
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم رایگەیاند، دوای چارەسەرکردنی درزی لاتەنیشتی رێگای باپشتیان (کەمەربەندی) لە نێوان ھەردوو قەزای سۆران و رواندز، رێگاکە بەڕوی ھاوڵاتیاندا کرایەوە.
لەراگەیەنراوێکدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم باسی لەوەشكردوە، لەمانگی تەممووزی رابردوو بەشێک لە رێگاکە درزی بردبوو ئەوەش مەترسی بۆ ھاوڵاتیان و داڕوخانی رێگاکە دروستکردبوو، دواتر بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، کاری بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامدرا.
ئەوەش هاتوە، دوای نزیکەی (50) رۆژی کاری بەردەوام، توانرا بەشێوەی ئەندازەیی سەردەم رێگاکە چاکبکرێت و دوای نەمانی مەترسی، ئێستا بەڕووی ھاوڵاتیان و شۆفێراندا کراوەتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئەوەشی خستوەتەڕو، بودجەی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینکراو لەلایەن ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی ھەولێر و سۆرانەوە جێبەجێ کرا.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group