توشبووی نەوەی ئۆمیكرۆن لە چەند وڵاتێكی تریش تۆمار كران

28/11/2021 جیهان

نەوا-
نەوەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بە "ئۆمیكرۆن" بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە لە جیهاندا و لە چەندین وڵاتی تر توشبوو تۆمار كران و ئیسرائیلیش سنورەكانی داخست.
دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەڵمانیا بڵاویان كردووەتەوە، دوو حاڵەتی توشبوون بە نەوەی "ئۆمیكرۆن"ی كۆرۆنا تۆمار كراون، ئەو دوو كەسەش لە باشوری ئەفریقا توشبوون و هاتوونەتە ئەڵمانیا، ئەوەش پێش هەڵپەساردنی گەشتەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە.
لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی تەندروستی هۆڵەندا جەختیان لەوە كردووەتەوە، لەناو گەشتێكی باشوری ئەفریقا بۆ هۆڵەندا چەند توشبوویەكی كۆرۆنا تۆمار كراون كە توشبووی نەوەی "ئۆمیكرۆن"ن.
لەلایەكی ترەوە "كریس ویتی" گەورە بەرپرسی پزیشكانی بەریتانیا وتویەتی، ئەگەری هەیە نەوەی ئۆمیكرۆن دژی ڤاكسینەكان بەرگری بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا لە هیچ شتێك دڵنیا نین و پێویستە بەكارهێنانی ڤاكسینەكان فراوانتر بكرێن.
نەوەی ئۆمیكرۆن بۆ یەكەمجار لە ئەفریقای باشور دەركەوت و دواتر لە چەندین وڵاتی تری وەك بەلجیكا، بەریتانیا و هۆنگ كۆنگ و چەند وڵاتێكی تریش توشبوو تۆمار كران، لای خۆشیەوە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ ماوەی 14 رۆژ سنورەكانی داخست.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group