ئەندامێكی مەترسیداری مافیای ئیتاڵی بەهۆی گۆگڵەوە دۆزرایەوە

06/01/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
دوای ئەوەی توانی بۆ ماوەی 20 ساڵ لەدەستی هێزەكانی پۆلیس هەڵبێت، بەهۆی دەركەوتنی وێنەیەكی لە نەخشەكانی گۆگڵدا ئەندامێكی یەكێك لە مافیا مەترسیدارەكانی ئیتاڵیا، لە ئیسپانیا دەستگیر كرا.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، یەكێك لە ئەندامە مەترسیدارەكانی مافیای ئیتاڵی ماوەی 20 ساڵ لە دەستی هێزەكانی پۆلیس هەڵات و نەتوانرا دەستگیر بكرێت.
ئەوەش هاتووە، ئەو كەسە كە ناوی "جیواشینۆ جامینۆ"یە و ئێستا تەمەنی 61 ساڵە، توانرا لە شاری "گالاپاگار"ی نزیك لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت، كە بەناوێكی ساختەوە لەو شارە دەژیا.
ئاژانسەكە ئەوەشی راگەیاندووە، هۆكاری دۆزینەوەی جامینۆ نەخشەكانی گۆگڵ بوون، ئەوەش دوای ئەوەی ناوبراو لە یەكێك لە وێنەكانی شەقامەكانی ئەو شارەی ئیسپانیا دەركەوتبوو لەبەردەم فرۆشگایەكی میوەدا.
جامینۆ ئەندامی گروپی مافیایی ناسراو بە "ستیدا" بوو لە سەقڵیە و لەساڵی 2002 لە گرتووخانە هەڵاتبوو و دواتر لە ساڵی 2003 بە شێوەی ئامادەنەبوو سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێنرا.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group