مباپێ‌ لە پاریس دەمێنێتەوە

05/04/2022 وەرزش

نەوا-
بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا كیلیان مباپێ‌ ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمانی هەمان وڵات بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات و رۆژنامەنوسێكی دیاریش دەڵێت، لە پاریس دەمێنێتەوە.
دانێلی ریۆلۆ رۆژنامەنوسی وەرزشی لە رادیۆی "مۆنتی كارلۆ" بە رۆژنامەی "ماركا"ی ئیسپانی وتووە، مباپێ‌ لە پاریس سانجێرمان دەمێنێتەوە و لە مانگی ئایاردا نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی رادەگەیەنێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان، ئەستێرە لاوە فەرەنسییەكە بە گرێبەستێكی بێبەرامبەر روودەكاتە یانەی ریاڵ مەدرید، بەڵام بەرپرسانی یانە فەرەنسییەكە سەرجەم هەوڵەكانی رۆشتنی ئەو یاریزانە رەتدەكەنەوە.
لە چەند رۆژی رابردودا مباپێ‌ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، بڕیاری لە داهاتووی نەداوە و هیچ كێشەیەكی نییە چەند ساڵێكی تر لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە، ئەوەش بەرپرسانی ئیدارەی ریاڵ مەدرید و هەوادارانی ئەو یانەیەی نیگەران كرد كە چاوەڕێن وەرزی داهاتوو رووبكاتە ئەو یانەیە.
پێشتریش یانەی ریاڵ مەدرید، مباپێیان لەوە ئاگادار كردبووەوە كە ئەگەر گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ بكاتەوە، بۆ هەمیشە لە مافی پەیوەندی كردن بە ریزەكانی یانە ئیسپانییەكە (كە خەونی منداڵی مباپێیە) بێبەش دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group