تەحسین خەفاجی: رێگە نادەین هیچ هێزێك ویستی خۆی لە شنگال بسەپێنێت

14/05/2022

نەوا-
تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق دەڵێت، هەماهەنگییەكی زۆر باشیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش هەیە، رێگەش نادەن هیچ هێزێك ویستی خۆی لە شنگال بسەپێنێت.
 خەفاجی لە گفتوگۆیكی تەلەفزیۆنیدا وتی، رێگە نادەن هیچ هێزێك ویستی خۆی لە شنگال بسەپێنێت و دەبێت یاسا جێبەجێبكرێت، هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەدا نییە كە لە نێوان حكومەتی فیدراڵی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا واژۆكراوە.
سەبارەت بە دۆخی شنگال جەختی لەوەكردووەتەوە، ئاسایش و سەقامگیرییان بۆ خەڵكی شنگال دابینكردووە و خەڵك دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانیان، پێشی وایە كە گرنگە حكومەتی عیراق بودجە دابینبكات بۆ ئەوەی تەواوی فەرمانگەكان لە شنگال دەست بە كارەكانیان بكەنەوە.
هەرچی سەبارەت بە لیوا هاوبەشەكانی نێوان سوپای عیراق و پێشمەرگەیە وتویەتی، هەموو كارێكی تایبەت بە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش تەواو بووە و لەگەڵ پەسندكردنی بودجەی عیراق دەستبەكاردەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group