پێرێس: مباپێ‌ ناپاكی نەكرد

16/06/2022 وەرزش

نەوا-
فلۆرەنتینۆ پێرێس سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید رەتیدەكاتەوە كیلیان مباپێ‌ ئەستێرەی لاوی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمانی هەمان وڵات ناپاكی كردبێت و دەڵێت، پەستانێكی زۆری سیاسی و ئابوریی لەسەر بووە.
پێرێس لە گفتوگۆیەكدا باسی لەوە كردووە، مباپێ‌ ناپاكی بەرامبەرم نەكرد، بەهەموان دەڵێین كە دەیویست بۆ ریاڵ مەدرید یاری بكات، خەونی ئەوەبوو لەگەڵمان یاری بكات.
باسی لەوەش كردووە، لە مانگی 8ی ساڵی رابردوودا رێگەیان نەدا بڕوات و پاریس سانجێرمان بۆندەكەمانی رەتكردەوە، ساڵێكی تەواو چاوەڕێی مباپێمان كرد و هەمیشە دەیوت كە خەونی یاریكردنە بۆ ریاڵ مەدرید.
سەرۆكی یانە ئیسپانییەكە ئاماژەی بەوەشداوە، 15 رۆژ پێش نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی رووبەڕووی پەستانێكی زۆری سیاسی و ئابوریی بوویەوە، پێی وایە كە بەهۆی ئەو پەستانانەوە بڕیاری گۆڕی، تەنانەت ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساش پەیوەندی پێوە كردووە، بەهۆی ئەوەشەوە دایكی مباپێ‌ توڕەیە چونكە دایكەكان دەیانەوێت منداڵەكانیان خەونەكانیان بهێننەدی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group