بەرپرسی هێزەكانی 70: عیراق ئەوەندە دۆخی جوان نییە پەلامارمان بدات

27/06/2022

نەوا-
مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەكانی 70 دەڵێت، دۆخی عیراق ئەوەندە جوان نییە تاوەكو پەلاماری ئەوان بدات، سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكانیش باس لەوە دەكات، جارێ‌ پەلە ناكەن و بڕیار لەسەر ئەوە نادەن.
مستەفا چاوڕەش سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكان بە دەنگی ئەمریكای وتووە، ئەو كاتیۆشایانەی دەهاوێژرێن لەو بۆشاییەوەیە كە لەنێوان ئەوان و حكومەتی عیراقدایە، هەتا ئێستاش هەر چاوەڕوانن و چاودێری ئەوە دەكەن بزانن ئەمانە كێن؟ ئایا داعشە؟ حەشدی شەعبییە؟‌ یاخود خەڵكی ترە.
سەبارەت بەو هێزەی سوپای عیراق كە هەوڵی ئەوەیاندابوو بچنە ناوچەی كۆرمۆر وتویەتی، ئەو هێزەی رۆژی شەممەش هاتبوون بۆ ئەو ناوچانە هاتبوون كە بۆشاییان تێدایە، پاش ئەوەی لەگەڵ پێشمەرگە یەكتریان بینی ئێستا هێزەكان گەڕاونەتەوە و بەرامبەر یەكتری نەوەستاوین، چونكە هەماهەنگییەك هەیە ناو بەناو پێكەوە كێوماڵی ئەو شوێنانە دەكە‌ن، بەڵام ئەمەی ئێستا تازەیە شتێكە‌ لەرابردودا نەبووە، ئەمەش هۆكاری زۆرە.
هەرچی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی هێزە عیراقییەكانە بەرپرسی هێزەكانی 70 رونیكردووەتەوە، بۆ ئێمە بۆ ئەو شتانە ئاوات بخوازین؟ خۆ عیراقیش ئەوەندە دۆخی جوان نییە پەلامار بدات، جارێ با عیراق برینی سەری خۆی چارەسەر بكات، نایانەوێت بكەونە كێشەوە لەگەڵ عیراقدا چونكە بەشێكن لەو عیراقە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group