جەژنانە دابەشدەكرێت و بەشێكی بۆ سەرجەم پارێزگاكانی عیراقە

03/07/2022 عێراق

بەهۆی بەرزبونەوەی داهاتی نەوتەوە لەعیراق، وەزیری نەوت بڕیاریدا بە پاداشتكردنی كارمەندانی كەرتی نەوت.
كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی داهاتی نەوت و جەژنی قوربانەوە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت فەرمانیكردوە بە خەرجكردنی پاداشتێك بەبڕی 100 هەزار دینار بۆ سەرجەم كارمەندانی كەرتی نەوت و گرێبەستەكان و ئەوانەی بە كرێی رۆژانە لەو كەرتەدا كار دەكەن.
لەلایەكی ترەوە كۆمپانیاكە رایگەیاندوە، وەزیری نەوت بڕیاریشیداوە بە دابەشكردنی بڕی 200 هەزار دینار بەسەر منداڵانی بێسەرپەرشت و ئەوانەی لە خەڵوەتگەی پیرین، هەروەها ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی منداڵان چارەسەر وەردەگرن لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراقدا.
پێشتر وەزارەتی نەوتی عیراق ئامارێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردبو، لەمانگی حوزەیرانی رابردوودا  101 ملیۆن و 191 هەزارو 236 بەرمیل نەوتیان فرۆشتوە، بەرهەمی ئەو مانگەش لەبیرو كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق 97 ملیۆن و 980  هەزارو 589 بەرمیل بوەو لە كێڵگەكانی كەركوك لەڕێگای بەندەری جەیهانی توركیاوە 2 ملیۆن و 910 هەزار و 887 بەرمیل بوە.

 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group