نەتەوە یەكگرتووەكان: یەك لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان بێ ئینتەرنێتن

19/09/2022 جیهان

نەوا-
نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرژمێرییەكدا ئاشكرای كردووە، یەك لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان ئینتەرنێتیان نییە و زۆرینەشیان لە كیشوەری ئەفریقان و زۆرترین بەكارهێنەریش لە كیشوەری ئەوروپان.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، لە ساڵی 2022دا 5 ملیار و 300 ملیۆن كەس لە جیهاندا ئینتەرنێت بەكاردەهێنن، هەروەها یەك لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان كە 2 ملیار و 700 ملیۆن كەس دەكات توانای بەدەستهێنانی ئینتەرنێتیان نییە، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك.
ئەوەش هاتووە، كیشوەری ئەفریقا كەمترین بەكارهێنەری ئینتەرنێتی تێدایە و تەنها 40%ی دانیشتوانەكەی هەیانە، باشترین كیشوەریش ئەوروپایە كە 89%یان ئینتەرنێت بەكاردەهێنن.
بەپێی هەمان سەرژمێری، 70%ی دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی ئینتەرنێت بەكاردەهێنن و 66%ی كیشوەری ئاسیا و زەریای هادی بەكارهێنەرن، هەروەها هەردوو كیشوەرە ئەمریكییەكە 80%یان هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە.
سەبارەت بە هۆكارەكانی نەتوانینی بەدەستهێنانی ئینتەرنێت ئەوە هاتووە، هۆكارەكان بریتین لە خاوی و بەرزی نرخ و پێداویستییەكانی و نەبوونی هۆشیاری ئەلكترۆنی و بەربەستی رۆشنبیری و زمان و كەمی تەزووی كارەبا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group