زانایان چارەسەرێكی نوێیان بۆ شێرپەنجە دۆزییەوە

25/09/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
زانایان ئاشكرایان كرد، چارەسەرێكی نوێ بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دۆزراوەتەوە و بەهۆیەوە نەخۆشیەكە لە یەكێك لە توشبوواندا بە تەواوەتی نەماوە و لە چەند نەخۆشێكی تریش خانە شێرپەنجەییەكان بە تەواوەتی كەمی كردووە.
تۆڕی "BBC" بەریتانی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، زانایان باسیان لەوە كردووە كە چارەسەرێكی نوێیان بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دۆزیوەتەوە، كە بریتییە لە ڤایرۆسی "تایمێسك"ی لاواز كراو كە گۆڕانكاری تێدا كراوە بۆ كوشتنی خانە شێرپەنجەییەكان.
ئەوەش هاتووە، زانایان پێیان وایە ئەم چارەسەرە نوێییە دەبێتە هۆی درێژ كردنەوەی تەمەنی توشبووانی شێرپەنجە، بەڵام پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر و درێژتر هەیە، شێوازی كاركردنیشی لە رێگەی كوتانی راستەوخۆی گرێ‌ شێرپەنجەییەكانە بە ڤایرۆسەكە، ئەوەش بە دوو رێگە كاردەكات، یەكەمیان لە رێگەی هێرش كردنە سەر خانە شێرپەنجەییەكان و تەقاندنەوەیان و دووەمیش لە رێگەی بەهێزكردنی بەرگری لەش.
لە توێژینەوەیەكدا كە لەسەر 40 نەخۆش كراوە و شێپەنجەكەیان پێشكەوتوو بووە، لە هەر 9 نەخۆشێك 3 كەسیان سودیان لە چارەسەرەكە بینیوە و گرێ‌ شێرپەنجەییەكە بەرەو كەمبوونەوە چووە، زانایانیش پێیان وایە ئەم چارەسەرە نوێیە رێچكەی چارەسەری شێرپەنجە دەگۆڕێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group