منداڵێك لەدایكبوو كە 8 كورپەلە لە گەدەیدا بوو

05/11/2022 هەمەڕەنگ
نەوا
لە حاڵەتێكی دەگمەن و ناوازەدا، منداڵێكی كچ لە هیندستان لە دایكبوو كە 8 كۆرپەلە لە گەدەیدا بوو، دواتر لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە دەرهێنران.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، لە حاڵەتێكی دەگمەندا لە وڵاتی هیندستان منداڵێكی كچ لە دایكبووە كە 8 كۆرپەلە لە گەدەیدا بووە، ئەوەش دوای ئەوە ئاشكرا بووە كە پزیشكان پشكنینیان كردووە بۆ هۆكاری هەڵاوسانی گەدەی.
رونیشكراوەتەوە، منداڵەكە لە ناوچەی "رامجارە" لە ولایەتی "جاركند" لەدایكبووە و دوای 3 هەفتە لە لەدایكبوونی لە نەشتەرگەرییەكی 90 خولەكیدا كۆرپەلەكان دەرهێنراون، لە ئێستاشدا بارودۆخی تەندروستی باشە و بە پرۆسەی چاكبوونەوەدا دەڕوات.
رۆژنامەكە ئەوەشی رونكردووەتەوە، پزیشكان باس لەوە دەكەن كە كۆرپەلەكان ئەو كاتە گەشەیان كردووە كە منداڵەكە لە سكی دایكیدا بووە، ئەوەش زۆرترین ژمارەی كۆرپەلەیە كە لە جەستەی منداڵێكدا بدۆزرێتەوە كە حاڵەتێكی دەگمەنە، چونكە لە حاڵەتی لەو شێوەیەدا 3 كۆرپەلە زۆرترین بووە تاوەكو ئێستا زانرابێت.
زانایانی پزیشكی باس لەوە دەكەن، حاڵەتەكە لە رووی پزیشكیەوە بە "كۆرپەلە لەناو كۆرپەلە" ناسراوە كە ناڕێكییەكە لە دروستبووندا و كۆرپەلەكە پێكهاتووە لە پێكهاتەیەكی شانەیی لەناو جەستەدا، پێشتریش لە حاڵەتێكی هاوشێوەدا كۆرپەلەیە لەناو منداڵێكی تردا دروستبوو كە بە قژ دەورەدرابوو و ئەندامی زاووزێشی بۆ دروست ببوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group