كەشناسی عیراق: بارانی بەلێزمە لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات

24/11/2022

نەوا
كەشناسی عیراق رایگەیاند، شەپۆلێكی بارانبارین روو لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم دەكات و ئەگەری بەفربارینیش لە سەر شاخەكان هەیە و ماوەی 3 رۆژ بەردەوام دەبێت.
دەستەی كەشناسی عیراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و باسی لەوەكردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە كەش و هەوای هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و لە هەموو ناوچەكان پێشبینی بارینی نمەباران دەكرێت و لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێمەوە دەست پێدەكات.
ئاشكراشی كردووە، رۆژی هەینی لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم بارانی بە لێزمە دەبارێت و ئەگەری هەیە هەورە بروسكەی لەگەڵ بێت و پێشبینی بەفربارین لەسەر  شاخەكان دەكرێت، رۆژی شەممەش بارانبارینی بە لێزمە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی بەردەوام دەبێت.
هاوكات كەشناسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، لە ئەنجامی یەكگرتنی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، سبەی هەینی باران لە تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەبارێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group