بەغدا چوارەم قەرەباڵغترین شاری جیهانە

21/12/2022 هەمەڕەنگ

نەوا -
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی World Population Reviewی ئەمریكی شاری بەغدای پایەتەختی عیراق چوارەم قەرەباڵغترین شاری جیهانە، لە رووی چڕی دانیشتووانەوە.
ماڵپەڕەكە لە راپۆرتێكدا بۆ ساڵی 2022 بڵاویكردووەتەوە، شارەكان قەرەباڵغترین شوێنەكانی جیهانن و ئەو شارانەی ژمارەیەكی زۆر دانیشتووانیان تێدایە، كێشەی نەبوونی شوێنی گونجاوی نیشتەجێبوون و گەیشتن بە پێداویستییەكان و قەرەباڵغی هاتووچۆ و بەرزبوونەوەی نرخی شوێنی نیشتەجێبوون و نەبوونی روبەری گونجاویان هەیە.
ئەوەش هاتووە، چەندین شاری قەرەباڵغی جیهان دەكەونە كیشوەری ئاسیا و زۆرینەیان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئەو كیشوەرەن، قەرەباڵغترین شاری جیهان "مانێلا"ی پایتەختی فیلیپینە كە بۆ هەر میلێك چوارگۆشە 119 هەزار و 600 كەسی بەردەكەوێت، دوای ئەویش شاری "پتریوس"ی فیلیپینە بۆ هەر میلێك چوارگۆشە، 94 هەزار و 400 كەس بەردەكەوێت.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، هەروەها شاری "ماندالویونگ" كە بەهەمان شێوە لە فیلیپینە بۆ هەر میلێك چوارگۆشە 90 هەزار و 460 كەسی بەردەكەوێت، بەدوایشیدا شاری بەغدای پایتەختی عیراق دێت بە 85 هەزار و 140 كەس بۆ هەر میلێك چوارگۆشە بەردەكەوێت، هەروەها شاری مۆمبای هیندستان لە پلەی پێنجەم دێت و بەدوایدا شارەكانی "دەكا"ی پایتەختی بەنگلادیش و "كالوكان" لە فیلیپین و "پۆرت ئو برنس" لە هایتی دێن، دوای ئەوانیش شارەكانی "بەنی بەراك" لە ئیسرائیل و "لوفالوا بیریە" لە فەرەنسا دەبینرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group