بەهۆی دزینی 22 دۆلار 14 ساڵ لەژێر زەویدا خۆی شاردەوە

02/03/2023 هەمەڕەنگ

نەوا – 
پیاوێكی چینی بەهۆی دزینی 22 دۆلارەوە، لە ترسی دەستگیر كردن لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە 14 ساڵ لەژێر زەویدا خۆی شاردەوە، دواجار لە تەمەنی 50 ساڵی خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد.
میدیاكانی چین بڵاویان كردووەتەوە، "لیۆ موفو" لە ساڵی 2009 لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بە چەك هەڵدەكوتنە سەر وێستگەیەكی سوتەمەنی  و 156 یوام كە یەكسانە بە 22 دۆلار دەدزن، دوای كارەكەش ژەمێك خواردنیان لەو پارەیە كڕیوە و تەنها بڕی 4 دۆلار بۆ هەریەكەیان مایەوە.
باس لەوەشكراوە، چەند رۆژێك دوای كارەكە هاوڕێكانی موفو دەستگیر كران، بەڵام ناوبراو لەترسی دەستگیر كردن بەرەو شوێنێكی چۆڵ هەڵدێت و خۆی دەشارێتەوە، هەمیشە ترسی ئەوەی هەبووە دەستگیر بكرێت بۆیە شوێنێكی لەژێر زەوی بۆ خۆی دروست كردووە و لەگەڵ چەند سەگێكدا ژیاوە كە بۆ پاسەوانی بەكاری هێناون دژی گیاندارە دڕندەكات.
میدیاكانی چین ئەوەشیان ئاشكرا كردووە، موفو لەو ناوچە چۆڵە بە میوە و بەروبومی دار و درەختەكان ژیاوە و ماوەی 14 ساڵ ماوەتەوە، نە بەشداری پرسەی باوكی و نە پرۆسەی هاوسەرگیری كوڕەكەی كردووە و نەتوانیویەتی نەوەكەی ببینێت، بەڵام لە مانگی كانونی دووەمی رابردوو بڕیاریداوە خۆی رادەستی پۆلیس بكات، ئێستا تەمەنی 50 ساڵە و خوازیارە بگەڕێتەوە ناو ژیانی سروشتی و خێزانەكەی.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، تاوەكو ئێستا تۆمەتەكەی سەر ئەو پیاوە لانەچووە و ئەگەری هەیە 3 بۆ 10 ساڵ زیندانی بكرێت، ئەوەش بەهۆی هەڵگرتنی چەك لەكاتی دزییەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group