روسیا هێرشێكی فراوانی لە رێگەی درۆنەوە بۆ سەر كیێف دەست پێكرد

28/05/2023 جیهان

نەوا - 
روسیا هێرشێكی فراوانی لە رێگەی درۆنەوە بۆ سەر كیێفی پایتەختی ئۆكرانیا دەست پێكرد و دەسەڵاتدارانی كیێفیش دەڵێن، زیاتر لە 40 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
بەرپرسانی ئۆكرانی ئاشكرایان كردووە، لە شەودا روسیا هێرشێكی فراوانی لە رێگەی درۆنەوە كردووەتە سەر كیێفی پایتەخت كە بە دوو شەپۆل درۆنەكان نێردراون، بەهۆیەوە لانیكەم كەسێك گیانی لەدەستداوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئامادەكاری بۆ یادی دامەزراندنی ئۆكرانیا دەكەن.
لای خۆیەوە "ڤیتالی كلیشكۆ" سەرۆكی شارەوانی كیێف وتویەتی، لە شەپۆلی یەكەمدا لانیكەم 20 درۆن لەلایەن سیستمی بەرگریەوە هەڵدراونەتە خوارەوە و لە شەپۆلی دووەمیشدا 20ی دیكە خراونەتە خوارەوە، بەهۆی پارچەی درۆنەكانیشەوە پیاوێك گیانی لەدەستداوە و ژنێكیش بریندار بووە.
سەرۆكی شارەوانی كیێف داواش لە هاوڵاتیان دەكات، بچنە حەشارگەكانەوە و خۆیان بشارنەوە، چونكە هێرشەكان زۆر فراوانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group