رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عیراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە كۆدەبێتەوە

06/06/2023 عێراق

نەوا – 
پەرلەمانی عیراق ئاشكرای كرد، رۆژی پێنجشەممە 8/6/2023 پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی كۆدەبنەوە.
پەرلەمانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە كۆبوونەوەی پەلەمان دەكرێت و بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 دەدرێت.
رونیشكراوەتەوە، پرۆژە یاساكە لەلایەن لیژنەی دارایی و لیژنەی پلاندانانی ستراتیژیی و خزمەتی فیدراڵییەوە راپۆرتی لەسەر ئامادەكراوە و لە 67 ماددە پێكاتووە.
بودجەی عیراق بڕەكەی 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە و گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عیراقدا، هەروەها بڕی 63 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، لەماوەی رابردوداشدا دەستكاری ماددەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم كرا و ئەوەش ناڕەزایەتی زۆری پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی لێكەوتەوە و تاوەكو ئێستاش دیار نییە كە كێشەكانی تایبەت بەو ماددانە چارەسەر كراون یاخودنا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group