ئێل راتۆن كوڕەكەی ئێل تشاپۆ رادەستی ئەمریكا كرا

16/09/2023 وەرزش
نەوا - 
كوڕەكەی خواكین گوزمان "ئێل تشاپۆ" كە ناوی ئۆڤیدیۆ غوزمانە و تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و سپیكردنەوەی پارە و چەند تۆمەتێكی تری لەسەرە و بە "ئێل راتۆن" كە بە واتای "مشك" دێت ناسراوە، لەلایەن مەكسیكەوە رادەستی ئەمریكا كرا.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، ئاژانسەكانی جێبەجێكردنی یاسای ئەمریكی و مەكسیكی "ئێل راتۆن"یان رادەستی وەزارەتی دادی ئەمریكا كردووە، كە یەكێكە لە كوڕەكانی "ئێل تشاپۆ" كە ئەویش بەهۆی هەمان ئەو تاوانەوە سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێنراوە.
ئێل راتۆن سەرەتای ساڵی رابردوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی مەكسیكەوە دەستگیر كرا، لەلایەن ئەمریكاوە بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەی "فێنتانیل" داواكراوە كە ئەمریكا و مەكسیك بەدەست ئەو ماددەیەوە دەناڵێنن.
ئێل تشاپۆی باوكی ئێل راتۆن لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی سەرۆكایەتی "كارتێڵ سینالوا" كە گەورەترین مافیای بازرگانی ماددەی هۆشبەرە لە جیهاندا سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێنراو و لە ولایەتی كۆلۆڕادۆی ئەمریكا لەژێر چاودێرییەكی توند زیندانی كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group