چ رۆژێكی هەفتە و كاتژمێرێك مرۆڤ ئەگەری مردن زیاترە؟

27/09/2023 هەمەڕەنگ

نەوا – 
بەپێی توێژینەوەیەك، هەروەك چۆن كاتژمێری بایەلۆجی لەشی مرۆڤ كاتەكانی خەوتن و هەستان دیاری دەكات، بەهەمان شێوەش ئەو كاتە دیاری دەكات كە مرۆڤ زۆرترین ئەگەری مردنی هەیە.
بەپێی توێژینەوەكە، كاتژمێری بایەلۆجی جەستە كاریگەری لەسەر كاتی مردنیش هەیە، ئەو كاتژمێرەی كە مرۆڤ ئەگەری مردنی زۆر زیاترە 11ی پێشنیوەڕۆیە، لای خۆیەوە پرۆفیسۆر "كیلفۆرد سابر" نوسەری توێژینەوەكە وتویەتی، سەرجەم پرۆسە فیسیۆلۆجییەكان ریتمی رۆژانەیان هەیە واتا لە كاتێكی دیاری كراوی رۆژدا روودەدەن، هەروەها ریتمی مردنی رۆژانەش هەیە و مرۆڤەكان زیاتر لە كاتژمێرەكانی رۆژدا ئەگەری مردنیان زۆرە.
بەپێی هەمان توێژینەوە، زۆرترین خەڵك لە مانگە ساردەكانی ساڵدا دەمرد ئەوەش بەپێی سەرژمێرییەكی ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكان و خۆپاراستن لێیان لە ئەمریكا، بۆیە مانگەكانی كانونی یەكەم و كانونی دووەم زۆرترین كەسیان تێدا دەمرێت لە ساڵدا.
پرۆفیسۆر "دیڤید فیلیپس"شیكردنەوەیەكی ئەنجامداوە و تێیدا هاتووە، وەفاتنامەی 57 ملیۆن كەسی وەرگرتووە كە لە نێوان ساڵانی 1979 بۆ 2005 گیانیان لەدەستداوە و دەركەوتووە رۆژێكی هەموو ساڵێك زۆرترین كەس لە جیهاندا دەمرن، كە ئەویش رۆژی سەری ساڵی نوێیە و هۆكارەكەشی ئاهەنگگێڕان و خواردنەوە كحولیەكان و روداوی هاتووچۆ نییە، بەڵكو چەند هۆكارێكی دیكەن كە سەختە لێیان تێبگەیت.
بەڵام لای خۆیەوە "دۆناڵد لوید جۆنز" سەرۆكی كۆمەڵەی دڵ لە ئەمریكا پێی وایە، زۆرترین گیانلەدەستدان لە رۆژەكانی لەداكیبوونی مەسیح تاوەكو رۆژی سەری ساڵە كە ئەو رۆژانە پشوون، هۆكارەكەشی ئەوەیە قەرەباڵغترین رۆژەكانی ساڵن لای زۆربەمان، چونكە خواردن و خواردنەوەی زیاتر دەخۆین كەمتر پشوو وەردەگرین و وەرزش دەكەین هەروەها ئاگامان لە ئاماژە و هۆشدارییەكانی جەستە نامێنێت، سەرجەم ئەوانەش هۆكارن بۆ زیادبوونی مەترسی جەڵتەی دڵ.
بەپێی توێژینەیەكیش كە لە رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی بڵاوكراوەتەوە و لەسەر 39 ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان كراوە، رۆژی شەممە زۆرترین ئەگەر هەیە بۆ مردن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پشووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group