سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەن

13/11/2023 عێراق

نەوا-
موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی خۆی كرد كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن و رایگەیاندوە، بایكۆتكردنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەكاندا كارێكە خۆی دڵخۆش دەكات و دوژمنەكەی توڕە دەكات.
سەدر لە راگەیانراوێكدا بۆ لایەنگرانی ئاماژەی بەوەداوە: ئەگەر ئێوە لەگەڵ گەندەڵكاران، بەشداری لە هەڵبژارانەكاندا بكەن، ئەوە زۆر دڵتەنگم دەكات، بەڵام بایكۆتكردنی ئێوە لە هەڵبژاردنەكاندا كارێكە دڵخۆشم دەكات و دوژمن توڕە دەكات، هەروەها بێ بەشداریكردنی ئێوە لە پڕۆسەكە ئەوە رەوایەتی دان بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەڵەتی كەمدەكاتەوە، جگە لەوەش هەژمونی گەندەڵكاران و شوێنەكەوتوان لەسەر عیراق كەم دەكاتەوە.
سەدر باسی لەوەشكردوە، لەئێستادا دۆخی جیهانی و هەرێمیی كاریگەری لەسەر دۆخی عیراق دروستكردوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بەردەوام وریاو لە ئامادە باشیدابین، چونكە دوژمن بەردەوام چاودێری عیراق و پیرۆزییەكانمان دەكات.
موقتەدا سەدر كە لە هەڵبژاردنە گشتییەكەی ساڵی 2021دا زۆرترین ژمارەی كورسی بەدەستهێنا لە 29ی ئابی 2022دا كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاند.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group