كاكەیی: هێزەكانی هاوپەیمانان بكشێنەوە مەترسی لەسەر قەوارەی كورد دروست دەبێت

10/02/2024 عێراق

نەوا-
شارەزایەكی سەربازی دەڵێت، ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق بكشێنەوە ئەوكات وڵات لەدەست دەدردەچێت و مەترسیش لەسەر قەوارەی كورد دروست دەبێت.
لیوا عادل كاكەیی شارەزای سەربازی  لە لێدوانێكدا بە ئەنادۆڵی راگەیاندوە، سوربونی حكومەتی عیراق بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عیراق، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ دەرەوە بەتایبەتی ئەمریكا دەبێت. 
ئاماژەشیكردوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كەوتوەتە نێوان دو بەرداشەوە یەكێكیان ئێرانە كە میلیشیاكانی بەرداوەتە گیانی و ئەوەی دیكە ئەمریكایە، دەبێت عیراق بەشێوەی دیپلۆماسی وەك هاوپەیمان رفتاریان لەگەڵدا بكات.
وتیشی: ئەو میلیشیایانەی ئێران دروستی كردون بەڕەكەیان لەژێر پێی سەرۆك وەزیرانی عیراق راكێشاوەو بەجۆرێك خستویانەتە دوڕێیانەیەكی زۆر خراپەوە كە هەڵبژاردنی هەر كام لەو دووڕیانە باش نیە.
عادل كاكەیی باسی لەوەشكردوە، كێشەكە ئەوەیە لایەنە شیعەكان كە لەئەنجومەنی نوێنەرانن دامودەزگاكانی حكومەتیش دژی هێزەكانی هاوپەیمانان بەكار دەهێنن، لەلایەكی دیكەشەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دژی ئەمریكا كار دەكەن، ئەگەر لایەنە شیعەكان توانیان ئەو كارە بكەن و ئەمریكا لە عیراق بكشێتەوە، ئەوە كۆنترۆڵی عیراق لەدەست دەردەچێت و بەنهێنی و ئاشكرا دەكەوێتە دەستی ئەوان، ئەو كاتیش مەترسی لەسەر قەوارەی كورد دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group