سەرۆك كۆماری عیراق یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجەی پەسەند كرد

15 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەمیانی رێورەسمێكدا لە كۆشكی بەغدا بەئامادەبونی بەرپرسان و نوێنەرانی كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پەسەندكرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردۆتەوە، لەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆماری عیراق یاسای بە پارێزگابونی هەڵەبجەی پەسەند كرد كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكراو مەرسومی كۆماری بۆ دامەزراندنی پارێزگاكە دەركرد، ئەوەش لەمیانی رێوڕەسمێكی تایبەتدا بو لە كۆشكی بەغدا بەڕێوەچو بەئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسان و نوێنەرانی كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە.
ئەوەش خراوەتەڕو، هەر لە رێورەسمەكەدا بەرپرسی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا یاسا پەسەندكراوەكەی وەرگرت و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت مەرسومی سەرۆكایەتی وەرگرت، سەرۆك كۆمار جەختی لەوەش كردەوە كە سەرۆكایەتی كۆمار لەگەڵ سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەكان هەوڵی داوە بۆ خێراكردنی پەسەندكردنی یاسای گێڕانەوەی دادپەروەری بۆ خەڵكی شارەكەو دڵسۆزی بۆ خوێنی شەهیدان و دوپاتیشی لە پێویستی تەواوكردنی رێوشوێنی یاسایی و ئیداری لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی هەڵەبجە كردەوە.
راشگەیەنراوە، سەرۆك كۆماری عیراق ئاماژەی بەوەداوە كە پارێزگای هەڵەبجە سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانە دژ بە رژێمە دیكتاتۆرەكان و دوپاتی لە قەرەبوكردنەوەی خێرای زیانەكانی سیاسەتەكانی رژێمی پێشو و گرنگیدان بە لایەنە خزمەتگوزاری و ئابوری و شارستانییەكان كردەوە.
جێی ئاماژەیە كاتژمێر 11:35 خولەك بۆ واژوكردنی یاساو مەرسومەكە دیاری كرا كە هاوكات بو لەگەڵ كاتی بۆردومانكردنی پارێزگای هەڵەبجە بەچەكی كیمیایی لە 16-3-1988 .

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group