نەوا-
سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بە یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراوە بەڕێوەدەچێت.
عومەر ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە (268)ی ساڵی 2025ـی دەركرد كە تیایدا 11ی تشرینی دووەمـی ئەمساڵ، وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكرد، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش لەڕووی تەكنیكیەوە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە بەرواری دیاریكراوی خۆیدا.
هەروەها، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بە رۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، كۆمسیۆن خشتەیەكی كاتیی كارەكانی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن ئامادەكردووە، كە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمیسیارانەوە پەسەندكراوە، خشتەكە كاتی هەموو قۆناغەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی تێروتەسەل لەخۆدەگرێت.
جەختیشكرد، بۆیە كۆمسیۆن بە تەواوی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا.
ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای هەڵبژاردنی بەركار كە هەڵبژاردنی پێ بەڕێوەدەبرێت بریتییە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان، ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراوە.