نەوا-
لە توێژینەوەیەكدا دەركەوتوە كە ئەو پێكهاتەیەی لەناو خواردنەوە وزەبەخشەكاندایە رەنگە ببێتە هۆكارێك بۆ توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن.
بەپێی هەواڵێك كە لە گۆڤاری نەیچەر بڵاوكراوەتەوە، توێژینەوەی تیمێكی پەیمانگای شێرپەنجەی ویلمۆت لە زانكۆی رۆچێستەر دەریخستوە كە پێكهاتەیەكی باوی خواردنەوە وزەبەخشەكان رەنگە ببێتە هۆی خۆراك بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، وزەبەخشەكان پێكهاتەی تاورینیان تێدایە كە ترشێكی ئەمینییە بەشێوەیەكی سروشتی لە جەستەدا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەشێوەیەكی بەرفراوان لە خواردنەوە وزەبەخشەكان و تەواوكەرە خۆراكیەكان ئەو پێكهاتەیە زیاد دەبێت.
ئەوەش خراوەتەڕو، تاورین مادەیەكە كە لەئێستادا لێكۆڵینەوەی زانستی وردی لەسەرە بۆ تێگەیشتن لە رۆڵی لە پرۆسەی بایۆلۆژی لەناو جەستەدا بەتایبەتی لە نەخۆشانی شێرپەنجەی خوێندا، لەو لێكۆڵینەوەیەی كە كراوە ئەوەش دەركەوتوە كە پێكهاتەی تاورین بەشێوەیەكی باو لە خواردنەوە وزەبەخشەكانی وەك رێدبوڵدا هەیەو ئەمە رەنگە گەشە بە خانەكانی شێرپەنجەی خوێن بدات.