پۆلیسی هەولێر: كارمەندەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن حزبەكەیەوە دەستگیر كراوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویكردۆتەوە، ئەو كارمەندەی وەزارەتی پێشمەرگە كە پێشتر سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە بوە ئەندام و كادری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەو لەلایەن چەند چەكدارێكی خۆیانەوە دەستگیركراوەو ئازار دراوەو دوای ماوەیەكیش ئازاد كراوە.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر راشیگەیاندوە، لە هەبونی سكاڵای یاسایی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی لێكۆڵینەوەو رێكارەكانی پێویست دەگرنەبەر بۆ دەرخستنی راستی و یەكلاكردنەوەی كێشەكان، هاوڵاتیانیش دڵنیا دەكەنەوە كە بە هیچ جۆرێك رێگا نادرێت هیچ كەس و لایەنێك هەوڵی تێكدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادی كەسی پێشێل بكات.
جێی ئاماژەیە پێشتریش وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردبوەوە، دوای ئەوەی كارمەندێكی وەزارەتەكەیان توشی روداوێكی نەخوازراو بوە بەتوندی ئەو كارە ئیدانە دەكەن و وەزارەتەكەشیان دەستبەجێ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە بۆ بەدواداچون و رونكردنەوەی وردەكارییەكان.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group