نەوا-
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردۆتەوە، لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیكردوە لە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، لە دیدارێكدا باس لە بارودۆخی ئەمنی وڵات و پەرەسەندنەكانی سوریا كراو جەخت لەپێویستی پەنابردن بۆ گفتوگۆ كراوەتەوە بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان.
راشگەیەنراوە، سەرۆك كۆمار باسی لەوەكردوە، ئیدانەی ئەو تاوانانەی كوشتن دەكات كە رێكخراوە تیرۆریستییەكان دژی هاوڵاتیان ئەنجامیانداوە لەگەڵ پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن ئەو رێكخراوانەوە، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە كە بەرپرسیارێتییەكانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و هەنگاو بنێت بۆ راگرتنی كردەوەكانی توندوتیژی و تیرۆر لەسوریاو دابینكردنی پاراستنی پێویست بۆ مەدەنییەكان.
لەتیف رەشید جەختیشی لە گرنگی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كردوەتەوە بۆ بەهێزكردنی ئامادەباشی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی، لەگەڵ پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەكان و دامەزراوە حكومییەكان بۆ زامنكردنی مامەڵەیەكی گونجاو لەگەڵ هەر پێشهاتێك، بەشێوەیەك كە ئاسایش و سەقامگیری عیراق بپارێزێت.