نەوا-
بانكی ناوەندی عیراق داوا لە بانكەكان دەكات نابێت چیتر جیاوازی بكرێت لە بەهای چاپی كۆن و نوێی دۆلاردا بەرامبەر بە دینار.
بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندوە، بەمەبەستی گەیاندنی داواكاری و گرفتەكانی هاوڵاتیان و خاوەنكاران سەردانی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراقیكردوەو لەكۆبونەوەیەكدا بەوردی كۆمەڵێك گرفتی پەیوەندیدار بەعیراق و هەرێمی كوردستان و سلێمانی باسكراون لە ناویشیاندا پرسی جیاوازی بەهای نێوان چاپی كۆن و نوێی دۆلار كە لە بازاڕەكاندا بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بەنرخی جیاواز مامەڵەی پێوە دەكرێت و بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروستكردوە.
بڕیار رەشید راشیگەیاندوە، ئێستا بانكی ناوەندی عیراق گشاندنی كردوە بۆ سەرجەم بانكە رێپێدراوەكان و دامەزراوە داراییەكانی تر كە شتێك نیە بەناوی چاپی كۆن و تازەو دەبێت سەرجەم چاپەكانی دۆلار بگۆڕدرێت بەهەمان نرخ، نەگۆڕینی چاپی دۆلاریش هۆكاری خۆی هەیە وەك دڕاو یان شۆراو یان بڕاو بێت، هەر بانك و نوسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراویش بەردەوام بێت لە جیاوازیكردن رێكاری یاسای توندیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.