نەوا-
بەپێی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی كاریگەری شەپۆلی باران بارین بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە ئاسمانی هەرێم بە گشتی بەردەوام هەوری دەبێت و كاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینەی رووی لە ناوچەكەمان كردووە بەردەوامی دەبێت.
باسی لەوەشكرد، باران بارین بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت لەسەرجەمی ناوچەكەمان لە هەندێ كاتدا كاریگەری باران بارین بۆ ئەمڕۆ كەمێك لاوازتر دەبێت بەراورد بە دوێنێ و لە زۆربەی كاتەكان ئاسمان هەر بە هەور دەمێنێتەوە لەگەڵ بوونی تەم لە هەندێ كاتدا و كاریگەری تەم زیاتر دەبێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان ، لەگەڵ بەفر بارینێكی كەم لەسەر لوتكەی شاخە بەرزەكان و ناوچە سنوورییەكان .
كەشناسی پێشبینیشیكرد، كاریگەری شەپۆڵی باران بارین لەسەر ناوچەكەمان بۆ سبەی دووشەممە زیاد دەكات وكەشی ناوچەكەمان هەور دەبێت و باران بارین لە سەر تەواوی ناوچەكەمان دەبارێت .
روونیشیكردەوە، ڕێژەی دابارین لە سنووری ئیدارەی (سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ) زیاتر دەبێت و باران بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ كات لێزمە باران دەبێت وسەنتەری پارێزگای دهۆكیش ئەگەری باران بارینی بە لێزمەی هەیە وسەنتەری پارێزگای هەولێر سلێمانی كەركوك هەڵەبجە باران لەسەر خۆ و نمە بارانی پچڕ پچڕی دەبێت و لە هەندێ كاتدا ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە، لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە سنوورییە شاخاوییەكان.
بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی دووشەممە زۆرترین ڕێژەی دابارین لە (ئاكرێ مێرگەسوور بجیل سیدەكان پیران ) دەبێت و پێشبینی دەكەن لە سەرووی 40 ملم بێت .
پلەكانی گەرمای شار و ناوچەكانی هەرێم بۆ ئەمڕۆ یەكشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر : 12 پلەی سیلیزی
پیرمام : 9 پلەی سیلیزی
سۆران : 8 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 4 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 9 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ : 11 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 11 پلەی سیلیزی
دهۆك : 12 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی
ئاكرێ : 10 پلەی سیلیزی